Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

بڕیارە دوو رۆژی داهاتوو پرۆسەی دادگاییکردنەکانی دۆناڵد ترەمپ بچنە قۆناغی یەکلاکەرەوە

لڤین

بڕیارە دوو رۆژی داهاتوو پرۆسەی دادگاییکردنەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بچنە قۆناغی یەکلاکەرەوە، تا ئەوکاتە، رەنگە دەستەی سوێندخۆرانیش بڕیاری خۆیان یەکلایی بکەنەوە و یەکەمین بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ بە ئەنجامدانی کەتن دەربکەن

بۆیە رەنگە ئەم هەنگاوانە پێکەوە وابکەن ئەم سیاسەتکارە دەوڵەمەندە، نەتوانێت بۆ گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی، شکست بە جۆ بایدن بهێنێت.

یەکێک لەو دۆسێیانەی لای دەستەی سوێندخۆرانە و لە دادگای مانهاتن کاری لەسەر دەکەن، پەیوەستە بە کێشەیەکی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ستۆرمی دانیەڵز ئەکتەری پۆڕنۆگرافی.

ترەمپ لە ساڵی 2006ــدا کێشەیەکی لەگەڵ “ستۆرمی”ـدا هەبووە، بەڵام بۆئەوەی ئەم ژنە ناچاربکات بێدەنگ بێت و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا قسە نەکات، ترەمپ پارەی پێداوە.

ئێستا ژنەکە نکووڵیی لێدەکات و ترەمپیش بۆئەوەی نهێنیی ئەم کارەی بشارێتەوە، ناچاربووە 34 بەڵگەی ژمێریاری ساختە بکات.

ئەگەر ئەو 12 سوێندخۆرە نەتوانن تۆمەتەکە بەسەر ترەمپدا ساغبکەنەوە، ئەوکات مافی داواکردنی دادگاییکردنی ترەمپیان نامێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە، هێشتا هەر ئەگەری زیندانیکردنی ترەمپ لەئارادا دەبێت، چونکە دادوەرێک بەناوی “خوان مێرچان” سکاڵای لەسەر ناوبراو هەیە، دەڵێت ترەمپ یاسای نێو دادگاکانی پێشێلکردووە و زانیاریی لەسەر شایەتەکان و سوێندخۆران و ئەندامانی خێزانەکانیشیان بڵاوکردۆتەوە.

بۆیە لە ئەگەری سزادانی دۆناڵد ترەمپ لە هەریەکێک لە دۆسیەکان، پشتگیریی ئەو کەسانە لەدەستدەدات، کە لەناو پارتی کۆمارییەکاندا پشتگیریی دەکەن بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.

لەم مانگەدا کەناڵی “ئەی بی سی” و پەیمانگای “ئیپسۆس” راپرسییەکیان لەسەر ترەمپ ئەنجامدا، بەگوێرەی ئەنجامەکان، لەسەدا 16ـی ئەو کەسانەی پشتیوانی لە ترەمپ دەکەن، گوتویانە، ئەگەر دادگا بڕیاری تاوانباربوونی ترەمپ بدات، چئیتر ئەوان پشتیوانیی ناکەن.

ئەگەر لە دۆسیەکەی “ستۆرمی دانیەڵز”ـیشدا بە تاوانبار بناسرێت، کاریگەریی لەسەر بنکەی جەماوەری ترەمپ دەبێت، بەتایبەت ئەو لایەنگرانەی پارتی کۆماری کە ئیماندارن، چونکە ئەوان ناتوانن ئەوە قبووڵ بکەن ترەمپ ناپاکیی هاوسەریی ئەنجامداوە.

لڤین پرێس
Scroll to Top