Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

ده‌سه‌ڵاتێكی‌ خراپ

ده‌سه‌ڵاتی‌ خراپ هه‌ڵگری‌ هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ قێزه‌ونانه‌یه‌، كه‌ له‌ حكومرانی‌ هه‌رێمدا هه‌ن، خۆ قه‌ڵه‌وكردن و بێ‌ به‌هاكردنی‌ هه‌موو بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌تداری‌ ره‌سه‌ن..
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌پلان و به‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ خراپی‌ خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ قبوڵكراوی‌ گشتییه‌وه‌ گۆرا بۆ حكومرانێكی‌ زۆر ناشیرین و قێزه‌ون،
هێنده‌ ناشیرین بووه‌ شایه‌نی‌ به‌زه‌یی‌ و ته‌نانه‌ت تانه‌ لێدانیش نییه‌، ته‌نها هێنده‌ی‌ زۆر خراپه‌ كه‌ هه‌موومان هاوڵاتی‌ ژێر چه‌پۆكی‌ حكومرانییه‌كی‌ خراپنین و حوكمرانییه‌ك به‌ته‌واوه‌تی‌ نغرۆی‌ تاڵانی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و فه‌رهودی‌ سامانی‌ گشتی‌ و پێشێلكاری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بووه‌، ئێستا حكومرانی‌ هه‌رێم بۆته‌ مۆدێلی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌دبه‌ختانه‌ی‌ سه‌ره‌رای‌ برسیكردنی‌ گه‌له‌كه‌یان، ده‌یانه‌وێت له‌ سه‌ر هاوارو داواكردنی‌ نان و مووچه‌ و خۆش به‌ختی‌ بیانكوژن، چۆن ده‌كرێت حكومرانییه‌ك به‌م هه‌موو خراپه‌ كارییه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و سه‌ره‌ كانی‌ رووی‌ مانه‌وه‌یان هه‌بێت و بیانه‌وێت به‌رگری‌ لێ‌ بكه‌ن،
له‌ سه‌ر و به‌ندی‌ كێشه‌ی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ولایه‌تی‌ بارزانی‌ باوكدا توێژه‌رێكی‌ ده‌روونی‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ له‌ سه‌ر باری‌ سایكۆلۆژی‌ بارزانی‌ ئه‌نجام دابوو، تێیداهاتبوو به‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ زانستی‌ بارزانی‌ تووشی‌ چه‌نده‌ها گرێی‌ ده‌روونی‌ بووه‌، ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌و بڕوایه‌م لاجێگیر نه‌بوو بوو كه‌ دۆخی‌ ده‌روونی‌ به‌و جۆره‌ وێران بێت. به‌ڵام له‌ ئێستا مامه‌ڵه‌ی‌ خۆی‌ و كوره‌كه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ‌ ئه‌م بارودۆخه‌دا ده‌بینم ته‌واو دڵنیا ده‌بمه‌وه‌ كه‌ تووشی‌ گرێی‌ ده‌روونی‌ مووچه‌ نه‌دان و ئازار دانی‌ خه‌ڵك بوونه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت چێژ له‌ پێنه‌دانی‌ ماف و مووچه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌بینن، ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم به‌ختدارن له‌ جه‌هاله‌تێكی‌ قوڵدا ده‌ژین، چونكه‌ هه‌میشه‌ جاهیله‌كان خۆشبه‌ختن و واده‌زان هاواری‌ خه‌ڵك بۆ نان گۆرانیه‌كی‌ ناخۆشه‌ زوو ته‌واو ده‌بێت، له‌راستیدا شێواوی‌ ده‌روونی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم تاكه‌ هۆی‌ مانه‌وه‌یانه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌ندێك هۆكاری‌ ناوخۆیی‌ و هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ بواری‌ مانه‌وه‌ی‌ پێداون، ده‌نا حكومرانی‌ هه‌رێم له‌ ئێستادا هیچ بیاونیه‌كی‌ لۆژیكی‌ بۆمانه‌وه‌یان نه‌ماوه‌.
ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ تاكه‌ شتێك كه‌ بڕوای‌ ته‌واوه‌تیم پێی‌ هه‌بووه‌ بۆ گۆرانكاری‌ نه‌ نووسین و نه‌میدیا و نه‌ هه‌ڵبژاردن و نه‌خه‌باتی‌ مه‌ده‌نییه‌، و هه‌موویان تاقیكرانه‌وه‌، وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌شیان هیچی‌ لێ‌ سه‌وز نه‌بوو، بۆیه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر گۆرانكاریه‌كی‌ ریشه‌یی جه‌ماوه‌ریه‌ كه‌ هێزێكی‌ تۆكمه‌ی‌ ناوخۆیی‌ خاوه‌ن نفوزی‌ سیاسی‌ و جه‌ماوه‌ریی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ بكات و ئامانجیش ته‌نها دارمانی‌ لوتكه‌ و ستراتیژیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستا بێت و نه‌ك ته‌نها له‌ ته‌نكاوه‌كانی‌ ململانێدا كاری‌ خۆی‌ بكات. وه‌رن پێكه‌وه‌ كاری‌ نیشتیمانی‌ له‌ پێناو ئه‌و ئامانجه‌ كاریگه‌ره‌دا بكه‌ین…
لڤین پرێس
Scroll to Top