Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

سۆرانی مامە حەمە شەهیدێک لەچەشنی حەلاج

سۆرانی مامە حەمە شەهیدێک لەچەشنی حەلاج

پێنج ساڵە دەربارەی تۆو شەهیدبوون‌و خوێنی بەناهەق ڕژاوت دەنوسرێت، پێنج ساڵە ڕۆژنامەو گۆڤارو شیعرو چیرۆکەکان تەژین لەناوی تۆ، پێنج ساڵە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان چیرۆکی پاڵەوانییەتی تۆ دەگێڕنەوە، بەڵام هێشتا لەو باوەڕەدام کە هیچ کام لەو نوسینانە نەیان توانیوە تۆی شەهیدو تۆی ڕۆژنامەنووس وەک خۆی پیشان بدەن، هەموومان کە دەنووسین زوڵم لەخوێنەکەت‌و لەو ناهەقییەش دەکەین کە بەرامبەرتکراوە، چونکە وێنەو دەربڕینەکانی ئێمە ناتوانن وەک پێویست وێنەی ڕۆژنامەنووسێکی شەهید پیشانبدەن، کەوەک حەلاج تەنها لەپێناوی ڕاستیدا تیرۆرکرا.
تۆ بەبەخترین گەنجی شەهیدی ئەم وڵاتەیت کە چەندینجار خراویتە ناودێری شیعری شاعیرە مەزنەکان، ئەوان بەتۆ دەڵێن دەنگێکی بەجێ ماوی عەلی مەردان‌و پیتێکی ونبووی نوسینەکانی جەمیل سائیبیت، تۆچوویتە ناو خەیاڵی ڕۆماننووسە خەیاڵبڵاوەکان، ئەوان تۆیان ناونا گەنجێک کە دڵت پڕە لەگڕی حەقیقەت‌و پاڵەوانێکی کە دواجار شەهید دەبیت، بەڵام کاتێک تەرمەکەت بەکۆڵانەکانی شاردا دەسوڕێتەوە، هەموان شوێنت دەکەون‌و پێتدەڵێن تۆ یەکەمین شەهیدی قەڵەم‌و یەکەمین شەهیدی حەقیقەتی، تۆ خرایتە ناو بیرۆکەی نوسینی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسە بوێرەکانی ئەم وڵاتە، ئەوان دەربارەی تۆ نووسیان ڕۆژنامەنووسێک لەزۆنگی مەرگدا بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت‌و بەخوێنیشی ڕاپۆرتەکان دەنووسێتەوە، تۆ بوویت بەبەشێک لەتابلۆی هونەرمەندە خاوەن سەلیقەکان، ئەوان وتیان گەربتەوێت تابلۆیەک جیهان بهەژێنێت، دیکتاتۆرەکان بتەزێنێت، دەبێت بیرۆکەکەی لەنیگاکانی سۆرانی مامە حەمەوە بێت.

ئێستا پاش پێنج ساڵ کەلە تۆ ڕادەمێنم دەتوانم پێتبڵێم، تۆ لەناسکیداو لەهەستی پڕشیعرتدا لەو تێکستە زیندوانە دەچیت کە دوای هەموو خوێندنەوەیەک تەڕتر لەجاران دەردەکەون، تۆ لەپاڵەوانی ئەو چیرۆکانە دەچیت، کە منداڵانی ئەم وڵاتە خەون دەبینن لەداهاتوودا ڕۆژنامە نوسێکبن لەچەشنی سۆرانی مامە حەمە.
دەزانم تۆ لە نێو کەشتییەکی نائارامی ناو دەریایەکی توشدابوویت، دەزانم لە نێو جەنگەڵی دەستە زەردەکانی تیرۆردا بوویت، بەڵام بێباک بوویت لەبەخشینی جەستەت بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، هەرئەمەش تۆی کردووەتە کاپتنی کەشتیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
هەردەنگی بەجێماوی تۆیە ئێستا لەشەقامەکانی کەرکوکدا لەدەنگی دەروێشێکی حاڵلێهاتوو دەچێت‌و بەدوای ڕۆحی ونبووی حەقیقەتدا دەگەڕێت، تۆلەکەرکوک بوویت تا بەکوردستان بڵێیت لەو شارەدا کە چەندین ساڵە بەدەست دوژمنانیەوە بووە چەند ساڵێکیشە بەدەست دەسەڵاتی کوردییەوەیە، مرۆڤەکان چەندە ڕۆحیان بەئاسانی لێزەوت دەکرێت، تۆ دەتوویست وێنەکانی ئەوێمان وەک خۆی، بێ ئارایشتی درۆینە بۆ بگوازیتەوە.
تۆ بوویتە یەکەمین پەیامبەری گەیاندنی ئازارەکانی ئێمە لەم وڵاتە وێرانەیەدا بۆ بەردەم عەرشی خوداوەند، هەرتۆش یەکەمین کەس دەبیت کە دەتوانیت لەوێ شەرحی ئەو زوڵمە گەورەیە بکەیت کەلە ڕۆژنامەنووسانی هاوڕێت دەکرێت لەکوردستاندا.
تۆشەرەف مەندیت بەوەیت توانیت پەردەی رەش لەسەر دەموچاوی تیرۆرستەکانی ژێر چەتری دیموکراتیەت لەکوردستان لابدەیت، تۆبوویت توانیت ئەوەمان بۆبەیان بکەیت کەدەسەڵاتدارییەتی کوردی دەسەڵاتێکی سامان دزو وڵات فرۆش‌و خوێن دزو خوێن ڕێژو خوێن فرۆشە.
تۆبوویت توانیت ئەوەبکەیتە شتێکی بەڵگە نەویست، کە دیکتاتۆرەکان لەهەرشوێنێکی دنیابن تەنیا بەڕشتنی خوێن دڵیان پاراو دەبێت‌و دەتوانن هەناسەی زەردی ناکامییان هەڵمژن، تۆ بوویت توانیت ئەوە بکەیتە راستی کە دیکتاتۆر بونەوەرێکی قیزەونەو رەنگە ئەم بونەوەرە لەژێر عەگالدا بێت، یاخود کەللە پوچەکەی لەژێر جامەدانیدا بێت.
تۆبویت پێتووتین دیکتاتۆر هەر چۆن دەتوانێت بەئەڵمانی‌و عەرەبی‌و روسی‌و فارسی‌و تورکی قسەبکات، هەروەهاش دەتوانێت بەکوردیش قسەبکات، تۆبوویت پێتوتین دیکتاتۆرەکان رەنگە ڕوخسارو زمان‌و جامەدانییەکەیان جیاواز بێت، بەڵام ناخ‌و بیرکردنەوەو رەفتاریان لەیەک دەچێت.
ئێستاش‌و تا هەزارن ساڵیتر کەلەجەستەی تۆو شیعرو کارەڕۆژنامەنووسییەکانت‌و بیرکردنەوەکانت دەڕوانم، بەبەردەوامی وێنەی گەنجێکی دڵ ناسکی پڕخەون‌و بوێرم دێتە پێشچاو، لەوەش تێدەگەم کە تۆ لەوێوە، واتە لەبەهەشتی خوداوە، داوامان لێدەکەیت کە بەردەوام بین لەدەرخستنی رووخساری دزێوی دەستەکانی تیرۆرو نەفرەتیش دەکەیت لەو پیاوە جامەدانی بەسەرانەی لەم وڵاتەدا بەناوی دیموکراتیەت‌و ئازادییەوە تۆو سەردەشت‌و عەبدولستارو هەزاران کەسی دیکەیان شەهید کردووە.
دەتوانم پاش پێنج ساڵ ئەوە بە ڕۆحە بەرزە بەهەشتییەکەت بڵێم، کە سەردەمی دیکتاتۆرە قەزەمەکان لەوڵاتدا خەریکە بەسەر دەچێت‌و ڕٶژێک دێت تۆ وەک یەکەمین سونبوولی شەهیدی حەقیقەت لە كوردستاندا پەیکەری ئازادیت بۆ دەکرێت.

ئەحمەد میرە
لڤین پرێس
Scroll to Top