ئارام هادی
خاتوو (ئیلینا ڕۆمانۆفسکی) باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عیراق بەرلە سوێند خواردنی بۆ بوون بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بغدا لە وتەیەكدا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا وتی “عێراق وەكو ئەولەویەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا دەمێنێتەوە و بەردی بناغەی سەقامگیری ناوچەكەیە”، وتەی ئەم خاتوونە دوای ئەوە دێت چەند جارێک زەنگی مەترسیدار بۆسەر قەوارەی هەرێم لەلایەن دبلۆماتکارە بیانیەکان بەگوێی بەرپرسان و ڕایگشتی هەرێم دراوە.
مەترسیە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان نەبونی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکانە کە لێکەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە و بۆتە هۆی نەمانی (دید و سیاسەت و پرۆژە و گوتار و ستراتیژی هاوبەش) هەروەها نەبونی پلان و کارنامەی حکومەت بۆ پۆشتە و پەرداخکردنی ژیانی هاوڵاتیانی، مەترسیە دەرەکیەکانیش ترسە لە هەڕەشەکانی تورکیا و بەهێزبوونەوەی عیراق کە ئەوەی دووەمیان پەیوەندی بە نەمانی متمانەی نێوان هەولێر و بغداوە هەیە.
حکومەتی هەرێم کار بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافیەت لە داهاتدا بکات دۆخی هاوڵاتیانی دەباتە ئاستێکی زۆر باشتر ئەوکات ئینتیمای تاک بۆ نیشتمانەکەی دەچێتە ئاستێکی بەرزتر و هاوڵاتیان ڕێگری لە مەترسیەکانی سەر قەوارەکەیان دەکەن، (لە کوردەواریدا نمونەی ئەو بوکانە زۆرن کە پیاوەکانیان دەیانەوێت لێی جیابێتەوە بەڵام هۆکاری چاکی بوکەکە لەگەڵ خەسوو غەزوری ڕێگری لە پیاوەکە دەکات بۆ جیابوونەوە)، گەر حکومەتیش هاوشێوەی بووکەکە لەگەڵ هاوڵاتیانی باش بێت ئەوا هاوڵاتیان دەبنە بەربەستی سەرەکی و ڕێ لە ڕوخاندنی حکومەتەکەیان دەگرن، نمونەی زیندووش ئەوەی چوارمانگە ئۆکرانیای لەبەردەم هێرشەکانی ڕوسیادا هێشتۆتەوە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیە.
گەڕانەوەی متمانەی نێوان هەرێم و ناوەند و گەیشتن بە ڕێککەوتن مەترسیە دەرەکیەکان لادەبات گەر قەرارە حکومەتی نوێی عیراق دروستبکرێت، پێویستە هێزە سیاسیە کوردیەکان پێش داواکردنی پۆستەکان لە چەند خاڵێکدا بەهاوبەشی کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی چەند داواکاریەک کە ڕێگری دروست بکات لە بەزاندنی سنوری ئاسمانی هەرێم لەلایەن فرۆکەی جەنگی و بێ فرۆکەوانی تورکیا، هەروەها لابردنی بنکە سەربازیە تورکیەکان لە هەولێر و دهۆک و شەنگال، دواتر داوای پۆست لە بغدا بکرێت.
هەڵەی ئێمە لە 2012بەدواوە لە سێ هەڵبژاردنی ڕابردوودا ئەوەبووە گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە کامانەن ئەو پۆستانەی بەر کورد دەکەون و کێیان بۆ دەستنیشان بکەین، هەرزووش بایەخی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکانمان لەبیرخۆمان بردۆتەوە، نابێت خۆشمان بخەڵەتێنین ئێستای عیراق سەردەمی سەرۆک (مام جلال) نیە ئەوکات گەر موختاری گەڕەکێکی بەغداش بوینایە بێ خەم دەبوین و دەمانزانی بودجە و شایستە داراییەکان بەبێ کێشە لە ناوەندەوە دێنە هەرێم، هیچ کەس و لایەنێکیش لە بغداوە جورئەتی ئەوەناکات مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم دروست بکات.
گەر حکومەتی هەرێم پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیان دابین بکات و بنکە سەربازیە تورکیەکان لە خاکەکەی دەرکات مەترسی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر قەوارەکە ناهێڵێت، بەڵام گەر وانەکات ئەوا ئەمریکا و باڵیۆزەکەشی لە بغدا ناتوانن سەقامگیری ناوچەکە ببەستنەوە بە سەقامگیری لە عیراقدا لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە لە لێواری جەنگە و لە پەراوێزی شەڕی (ڕوسیا- ئۆکرانیا)دا زوو پریشکی شەڕەکە ناوخۆیی بێت یان دەرەکی عیراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەقڵ و خوێندنەوەی کورد دوای ڕووداوەکان زۆر زیرەکانەیە، با بۆ یەک جار لە مێژوودا ئەو عەقڵە پێش ڕوودانی کارەساتەکە بخەینەکار و دووربین لە ناخۆشی و ماڵوێرانیەکیتر، چونکە دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا نازانرێت کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت؟، نازانرێت گۆڕانکاریەکان لە سیستەمی جیهانیدا چۆن و کام ناوچەیە دەگرێتەوه؟، وەکو چۆن ناشزانرێت بۆ سەدەیەکیتر کێن ئەو نەتەوانەی بەژێر دەستەیی دەمێننەوە و کامانەن ئەو نەتەوانەی ئازادی تەواوەتی بەدەست دێنن؟، ئایاسنورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان پتەوتردەکرێن یان بەرە و کاڵبونەوە و نەمان؟.