هەمووان دەپرسن بۆ وای لێهات؟ بەڵام کەس ناپرسێت چیمان بەرامبەری کرد
مرۆڤ چۆن ئەبێت بە (جۆکەر)؟
بەو خوایە لەسەرەتای بوکێنیدا عەیبی نەبوو نازانم دوای ساڵی یەکەم وای لێهات ، زاوایەک بوو هەموو مالەکە سوێندیان بەسەری ئەخوارد دوای شەش مانگ وای لێهات ، فەرمانبەرێکی بێکێشە و بێ وەی بوو نازانم چۆن خۆی و بەرپرسەکەی کوشت ، تەلەبەیەک بوو من زۆرجار ئەمبینی بە بێدەنگی ئەهات و ئەڕۆشت حەقی کەسی نەبوو ، سەیرە چۆن تفەنگی برۆتە ناو قوتابخانەکە بۆ مامۆستاکەی ، هەزارەها سەیرتر دەپرسن. بەلام هیچ کەسێک ناپرسێت چیمان بەرامبەری کرد!.
ئاوی ڕووبار هەر ئەوەندە خۆشە کە نەگاتە دەریا ، ئیتر سوێر ئەبێت بێکیشەترین و نەرمونیانترین و شیرینترین مرۆڤیش هەر ئەوەندە خۆشە کە زۆر دەست و قاچ و چەقۆ و زمان نەخەیتە سەر مل و ژیانی ، ئەگەرنا ناچارە وەک دەریا سوێر بێت
ئەوەی سەر بکاتە سەر خەڵکی بێ کێشە ، کێشەدار ئەبێت ، ئەوەی پەلاماری شێت و زاهید بدات ، قەرزار دار دەبێتەوە ، ماسیەکی بچکۆلە هەیە ، لەبنکی دەریادا ئەژی لە نیوان مەرجان و بەردەکاندا خوا ڕۆژ ئەکاتەوە خەریکی سەما و پیاسە و یاریکردنە ، هەرگیز زیان بەهیچ شتێک ناگەیەنێت ، بەڵام کاتێک لە لایەن دوژمنێکەوە پەلامار بدرێت شلەیەک دەڕێژێت کە هیچ ڕاوکەرێک بۆی قوت نادرێت
خەلیفە و داروداستەکەی ویستیان سەر بکەنە سەر بەهلول ، بەهلول لە قەراغی شار دەژیا شڕۆڵە و کز ، ناردیان هێنایان بۆ کۆشک ، وتیان (بەهلۆڵ بڕیارمانداوە تۆ بکەین بە وەزیری حەیوانات و مەڕوماڵات) بەهلول وتی ڕازیم ، لەمڕۆوە جەنابت و وەزیرەکانت لە ژێر فەرمانی مندان) لە نەرم و نیانترین مرۆڤ و ماسی و بوک و زاوا و کارمەند و فەرمانبەر و ئەندام و هتد ، دیوێکی تر هەیە ، تا ناچار نەبێت نیشانی کەسی نادات دواتر مەپرسن بۆ وای لێهات ، بپرسن چیمان بەرامبەری کرد
(جۆکەر) لەگەڵ دایکێکی پیردا بە هەزار ڕسوایی و نانەسگی ئەژیا ، هێشتا ڕازی بوو بەو ژیانە ، ئەو هەموو سوکایەتیەی کە پێی دەکرا ، لەلایەن خاوەن کار و میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بازاڕ و خەڵکی شەلاتی و دەسەڵاتدار ، هەر قبوڵی بوو ، هەر ڕۆژە و گۆبەندێکیان بۆ دەنایەوە ، تا لە کۆتایدا ناجار بوو ببێتە بکوژ ، ببێتە (ئانارشیست – گێرەشێوین ، یاسا شکێن) ناجار کرا کۆمەڵگا و خەڵک بشێوینێ ، ترس بخاتە دڵی هەمووان ، چاوی میدیا و لایڤ و تیک تۆک و هەمووان بخاتە سەر خۆی ، جۆکەر عەرەبانەیەکی پێیبوو لەبەر مزگەوتی گەورە و قەڵات شتی ئەفرۆشت سیستەمی باج لێی نەگەڕا، جۆکەر فەرمانبەربوو لە فەرمانگەیەک ڕۆژانە کاری ئەکرد خەڵکی بودەلە لێی نەگەڕا، جۆکەر بوکی ماڵێک بوو بە بێدەنگی لەگەڵ هاوسەرەکەی ئەژیا ، تانە و توانجی خزم لێنەگەڕا ، جۆکەر زاوایەک بوو منداڵ و هاوسەرەکەی خۆشەویست ، بەس تەداخولی خەسو و خەزور و ژن خوشک و مالە باوان و تەکلیفی فاستی ملخوار و شامپۆی جل و سەفەری ماڵدیڤ و ماڵگۆڕین و چاولێکەری و پێشبڕکێ لەگەڵ ئەوانیتر هەموو شتێکی ڕووخان. جۆکەر خوێندکارێک بوو نوێڵی چەشنی یەکەمی بۆ لەبەر نەئەکرا ، بەڵام لە گۆرەپانەکە پاڵی بە هیچ خوێندکارێکەوە نەدەنا ، کەچی مامۆستاکەی بەردەوام دەیشکان ، تا ناچار بوو خۆی بکوژێت. هەمووان لەو جۆکەرە دەترسین کە لەناکاو بەرامبەرمان دەردەکەوێت و دەبێتە دڕندە ، بەڵام کەسمان ناپرسین جۆکەر چۆن دروست بوو ، هەمووان دەڵێین بۆ وای لێهات ، بەڵام کەسمان ناپرسین چیمان بەرامبەری ئەنجامدا ، چیمان بەرامبەری کرد هەمیشە لە دوا ساتەکاندا خەڵکی خۆیان نیشان دەدەن کە کێن؟ هەر شتێک کە نەتکوژێ راستە بەهێزترت دەکات بەڵام ئازارەکەی ئەتکات بە کەسێکی نامۆ ، هەر مرۆڤێکی نامۆش ئەگەر هەیە لە چرکەیەکدا ببێت بە جۆکەر بە ترسناک ، بە ئاژاوە گێڕ ، دەرچوو لە نەزم مستەفا بەگی کوردی دەڵێت :- (واقیعەن شیرین سوئالێکە، بڵا، لاکین دەبوو مەسئەلە بڕوا بەلای شەخسێکی دانا و حاڵ زان ) پرسیارو سەرسوڕمانەکانتان لە جێی خۆیدایە کە فلان کەس بۆ وای لێهات ؟ بەڵام پێش ئەوەی پرسیاری ئەوە بکەن کەسێک بۆ وای کرد بۆ وای لێهات ؟ پیاوێکی دانا باپێتان بلێت چیتان بەرامبەری کرد؟، چیتان بۆ هەڵبەست ، چۆن ئازارتاندا ، چەندتان تۆمەت خستە شوێنی ، جەند جار خەڵکتان ناردە سەری ، چەندجار ئاوی حەمامتان لێگرتەوە ، چەند جار چرپاندتان بەگوێی کوڕ و کچەکانتان.