Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

دوو مانگە هێزە ئەمنییەكان بێ‌ مووچەن و لیستی فەرمانبەرانیش نەنێردراوە

لڤین

نزیكەی دوو مانگە مووچەی بەشێكی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە و تا ئێستاش لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا نەكراوە، هاوكات ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان دیاری نەكراوە”.

دوای ئەوەی بۆ جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی 3ی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دابەشكرا، دواتر بۆ مووچەی مانگی 4 نزیكەی 40 ڕۆژ تێپەڕی تاوەكو مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی دیكە دابەشكرا، بەڵام تا ئێستا بەشێكی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان مووچەی مانگی 4-یان وەرنەگرتووە و بەوەش نزیكەی دوو مانگ تێپەڕیوە.

هاوكات، لە ئێستادا مانگی 5 تێپەڕیوە و ئەمڕۆ 1ی حوزەیرانە، بەڵام هێشتا لیستی مووچەی مانگی 5ی سەرجەم مووچەخۆران ڕەوانەی بەغدا نەكراوە و بەوەش جارێكی دیكە مەترسی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە هەیە.

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەكان، بەهۆی ئەوەیە كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئامادە نین زانیاری و ناوی مووچەی هێزە ئەمنیەكان بنێرن و تەنها داوای مووچەكەیان دەكەن، بەبێ ڕادەستكردنی هیچ داتایەكی ئەو هێزانە.

ڕاشیگەیاندووە، هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان دیاری نەكراوە.

لڤین پرێس
Scroll to Top